پرسیاری دووبارە

پرسیاری هەمیشە دووبارە

 ئەو پرسیارانەی زۆر جار دووبارە دەبنەوە لەم پەیجەدا لیست کراون، کلیک لە ناونیشانی هەر یەکێک لە پرسیارەکان بکە بۆ بینینی وەڵامەکەی. 

بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکان چییە؟
پێناسەى بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکان: ئەو سیستەمەیە کە لەڕێگەی ئاراستەکردن و كۆنترۆڵکردنی كاركردنى کۆمپانیاکان و, بەرزکردنەوەی کواڵێتییان و, گەشەپێدان و بەردەواميپێدانى چالاکيیەکانەوە، مافی هەموو لایەنێک دابین دەکات.
سوودەکانى پیادەکردنی بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکان چین؟
سوودەکانى بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکان:
١/ دڵنیابوون لە بەردەواميی چالاکیی کۆمپانیاکان.
٢/ بەرزکردنەوەی ناوبانگی کۆمپانیاکان کە ئەمەش سەرنجی وەبەرهێنەکان ڕادەکیشێت.
٣/ دابینکردنی ڕێگایەکی باشتر بۆ دەستگەییشتن بە قەرزی دەرەکی.
٤/ کەمکردنەوەی ئەگەری ڕیسک (مەترسی).
٥/ جیاوازیکردن لەنێوان ڕۆڵى بۆردی بەڕێوبەران و بەڕێوەبەرانی جێبەجێکاردا.
٦/ پەرەسەندنى چالاکیيەكانى کۆمپانیاکان.
٧/ خستنەڕووی ئەرک و دەسەڵاتی هەموو لایەنێک.
مەبەست لە بۆردی بەڕێوبەران چییە؟
مەبەست لێی کۆمەڵێک کەسە کە لەلایەن خاوەن پشکەکانەوە هەڵدەبژێردرێن بۆ نوێنەرایەتى و پاراستنی مافی خاوەن پشکەکان و ئاراستەکردنى کۆمپانیاکان. لەهەمان کاتیشدا, خاوەن پشکەکان دەتوانن بۆردەکە هەڵبوەشێننەوە ئەگەر ئامانجەکانى کۆمپانیای نەپێکا.
ئەرکی بۆردی بەڕێوبەرەکان چییە؟
/ ئاڕاستە و ئامانج و ستراتیجی کۆمپانیاکە دیاری بکەن و کاربکەن بۆ بەدەستهێنانى.
٢/ ئەم بۆردە دەبێت توانا و ئەرکی دیاریکراو بۆ بەڕێوبەرايەتیی جێبەجێکار دیاری بکات و چاودێريی كاركردنیان بکات، ئەمەى دواییشیان بەرپرسیارێتییەکانى كاروبارى ڕۆژانە و كاركردنى گشتیيى کۆمپانیاى لە ئەستۆدایە.
٣/ گەشەپێدان و پاراستنی درێژخایەنى مافی خاوەن پشکەکان.
٤/ ئامادەکردنی پەیڕەو و پرۆگرامى ناوخۆی کۆمپانیا، کە لە ڕێکخستنی لایەنی دارایی و ژمێریاری وكارگێڕی و، هەروەها داواکاريی هەریەکە لەو لایەنانەی لە بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکەدا بەشدارن، خۆی دەبینێتەوە.
٥/ گەشەپێدانی سیستەمی پەروەردەیی و جەختکردنەوە لە جێبەجێکردن و پێیانەوە، بە تایبەت لە بواری کۆنترۆڵکردن و پابەندبوون بە یاساکانی بەڕێوەبردن و شەفافیەتى کۆمپانیاکاندا.
٦/ گەشەپێدان و جێبەجێکردنى پێوەرەیلی کەمکردنەوەى مەترسی و گەندەڵی.
٧/ سەرپەرشتیکردن و جێبەجێکردنی کۆمیتەكانی ئەنجوومەن.
٨/ دیاریکردنی سکرتێرێک بۆ بۆردى بەڕێوەبەران هەر لەنێو فەرمانبەرانى کۆمپانیەکەدا و دابینکردنی پاداشتێک بۆى، کە دەبێت دیدارەکانى ئەنجوومەنەکە، نەخشەی كار و, کۆنووس و ناوەڕۆکى دیدارەکە لە تۆمارێکی تایبەتدا، کە لە چەند پەڕەیەکی بەدوای یەک هاتوودا خۆی دەبینێتەوە، ڕێک بخات و، لەلایەن سەرۆکی بۆردەکەوە واژۆ دەکرێت کە ئامادەی دیدارەکە بووە.
مەبەست لە بەڕێوەبەری جێبەجێکار چییە؟
بەڕێوبەری جێبەجێکار کە بەڕێوبەری ناوەکیشی پێ دەوترێت. یەکێکە لە ئەندامەکانى بۆردەکە کە دامەزراوێکی کۆمپانیایە لەبواری جێبەجێکردندا, یان هەندێجار خاوەن پشکێکی کۆمپانیاکەیە, کە لەلایەن خاوەن پشکەکانی کۆمپانیاوە دیاری دەکرێت بەهۆی ئەوەی کە بەئاگایە و زانیاريی لەسەر کارە ناوخۆییەکانی کۆمپانیاکە هەیە.
مەبەست لە بەڕێوەبەری ناجێبەجێکار چییە؟
بەڕێوەبەری ناجێبەجێکار بە بەڕێوبەری دەرەکیش ناسراوە, ئەندامێکی بۆردەکەیە کە لە کۆمپانیاکەدا دانەمەزراوە يان خاوەن پشک نییە و بەشداری لە بەڕێوەبردنى ڕۆژانەدا ناکات و لەلایەن خاوەن پشکەکانەوە لەبەر کۆمەڵێک هۆکار دادەمەزرێنێت:
١/ بەریوبەرانی ناجێبەجێکار لەڕێگەی پێدانى ئامۆژگاریيەوە بە کارگێڕیی کۆمپانیاکە, سەبارەت بە ستراتيژ و کردەکانى کۆمپانیا و، بە پشتبەستن بە ئەزموونى پیشەیی خۆیان کە ئەزموونەکەیان لە ژیانی ڕاستەقینە و، کارکردن لە چەندین ژینگە و بارودۆخی جیاوازدا سەرچاوەی گرتووە، كار لە دامەزراوەکەدا دەکەن، ئەمەيش دەتوانێت کۆمەڵێک بیرۆکەی تازە ببەخشێت بە هەندێک بەرهەم و خزمەتگوزاریى دیاریکراو بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان بتوانن مامەڵە لەگەڵ ئەو کێشانەدا بکەن کە ڕووبەڕوویان دەبنەوە.
٢/ ئەتوانن لەڕێگەی پێوەندیيەکانى دەرەوەوە نرخ و بەها و قازانج بۆ کۆمپانیاکە دابین بکەن.
مەبەست لە بەڕێوبەری سەربەخۆ چییە؟
بەڕێوبەری سەربەخۆ: هەروەها بەڕێوبەری ناجێبەجێکار و بەڕێوبەری دەرەکیشی پی دەوترێت، بەڵام لە بەرانبەر ئەو خزمەتگوزاريیانەی پێشکەش بە کۆمپانیای دەکەن مووچە وەرناگرن.
مافەکانى پشکدارەکان چییە؟
مافی خاوەن پشکەکان لەلایەن (OECD)ەوە بڵاوکراوەتەوە.
١/ پاراستنی ڕێگاکانى تۆمارکردنى خاوەنداریتی
٢/ گواستنەوەی پشکەکانیان
٣/ زانیاريی ماددى و زانیاریيە پێوەندیدارەکانیان لە ماوە و کاتی گونجاودا پێ بگات
٤/ پشکدارەکان بۆیان هەیە بە ئامادەبون یاخود بە بێ ئامادەبوون دەنگ بدەن. دەبێت کاریگەريی هەردوو جۆرە دەنگدانەکەش یەکسان بێت.
٥/ مافی هەڵبژاردن و لابردنی ئەندامەکانى بۆردەکەیان هەبێت و, خاوەن پشک بن لە قازانجەکانى کۆمپانیاکەدا
٦/ پشکدارەکان دەبێت بەشدار بن و, بە تەواوەتی بەئاگا بن لە بڕیارەکان یاخود گۆڕانکارییە بنچینەییەکانی کۆمپانیاکەدا
٧/ پشکدارەکان دەبێت هەلی پرسیارکردن لە بۆردەکەیان پێ بدرێت, بەو پرسیارانەيشەوە كە وردەکاريی ژمێریاریی دەرەکيی ساڵانە دەگرنەوە, هەروەها هەلى گۆڕانکاری لە ئەجێنداکانى دیدارەکان و پێشنیارکردنی بڕیارەیلێکيان هەبێت، کە ئەگەرى سنووردارکردنیان لە ئارادایە.
٨/ ئەو وەبەرهێنە دامەزراوەییانەى بە شێوەى بریکار کار دەکەن، پێویستە هەموو ڕێساکانى دەنگدان و بەڕێوەبردنى کۆمپانیا سەبارەت بە وەبەرهێنانەکانیان، بەو ڕێکارانەیشەوە کە بۆ بڕیاردان لەسەر بەکارهێنانى مافەکانى دەنگدانیان پەیڕەو دەکرێن، ئاشکرا بکەن.
٩/ پێویستە ئەو وەبەرهێنە دامەزراوەییانەى بە شێوەى بریکار کار دەکەن ئەوە ئاشکرا بکەن کە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو پێکدادانى بەرژەوەندییە ماددیانەدا دەکەن کە لەوانەیە کار بکەنە سەر پیادەکردنى مافە سەرەکییەکانى خاوەندارێتى لە وەبەرهێنانەکانیاندا.
١٠/پشکدارەکان, بە پشکدارە دامەزراوەییەکانیشەوە، دەتوانن لەبارەی ئەو باسانەی پێوەنديی بە مافەکانیانەوە هەیە بۆ ڕێگریکردن لە پێشێلکردنی مافەکانیان، لەگەڵ یەکتردا ڕاوێژ بکەن.